كاتی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان بە سیستمی راستەوخۆی زانكۆیی دیاریكرا

Post date: Aug 09, 2017 7:11:36 PM

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەپێناو بەرەوپێشبردنی ڕەوتی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) لە (٣٧٧) بەشی زانستی بە سیستمی وەرگرتنی راستەخۆی زانكۆیی خوێندكار وەربگیرێت و خوێندكارانیش دەتوانن لە رۆژی ( ١٥/٨/٢٠١٧)ەوە سەردانی ئەو كۆلێژ و پەیمانگەیانە بكەن كە ئارەزووی دەكەن.

عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكدا رایگەیاند: دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەسەركەوتوویی توانرا سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانكۆیی لە زیاتر لە (١٠٠) بەشی زانستی جێبەجێ بكرێت، بۆیە وەزارەتەكەمان بڕیاری فراوانكردنی ئەو سیستمەی دا و، بۆ ئەمساڵی خوێندن (٣٧٧) بەشی زانستی بەسیستمی وەرگرتنی راستەخۆی زانكۆیی خوێندكار وەردەگرن، جگە لە كۆلێژەكانی كۆمەڵەی پزیشكی، ئەندازیاری،بەشی یاسا، بەشەكانی زیندەوەرزانی و كیمیا و كۆمپیوتەر لە كۆلێژەكانی زانست، بەشی زمانی ئینگلیزی لە كۆلێژ و سكوڵەكانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەكان و ئەدەبیات كە وەك ساڵانی پێشوو لە ڕێگەی (زانكۆلاین) خوێندكاران دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن، كە دواتر لەلایەن وەزارەتەوە كاتی كارابوونی ڕادەگەیەنرێت.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتیشی: لە وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانكۆیی ڕێژەی (٣٠%)ی كۆنمرە بۆ تاقیكردنەوەی بەش یان كۆلێژە دەبێت و، ڕێژەی (٧٠%)ی كۆنمرەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی هەژمار دەكرێت، ئەوەشی ڕاگەیاند: كەمترین كۆنمرەی پێشبڕكێ بۆ كۆلێژ (٦٥%) و، بۆ پەیمانگە (٦٠%)، لەهەمان كاتدا بۆ بەشەكانی هونەر و وەرزش خوێندكاران بەكۆنمرەی (٦٠%) دەتوانن بچنە پێشبڕكێی وەرگرتن.

لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاشكرایكرد: داواكاری ڕاستەخۆ لە تۆماری كۆلێژ/ پەیمانگە دەبێت و، خوێندكاران دەتوانن لە ڕێكەوتی ( ١٥/٨/٢٠١٧)ەوە سەردانی ئەو كۆلێژ و پەیمانگەیانە بكەن كە ئارەزووی دەكەن، وتیشی: لەیەك كاتدا دەتوانن داواكاری بۆ سێ بەشی جیا پێشكەش بكەن، لەهەمان كاتدا ئەو خوێندكارانەی كە تاقیكردنەوەیان بۆ خولی دووەم ماوە بەهەمان شێوە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان بەدەست بهێنن، وتیشی: لە هەموو زانكۆكان ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ پێشوازیكردن لە خوێندكاران، هەروەك ئاگاداری خوێندكارانیش دەكات، كاتێك كە سەردانی تۆماری كۆلێژ و پەیمانگەكان دەكەن بۆ خۆتۆماركردن و بەدەستهێنانی فۆرم دەبێ ژمارەی ئەزموونی و ئەنجامی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی پێشكەش بە تۆمار بكات، تا لەلایەن تۆماری زانكۆ وە پۆلینی داواكارییەكان بەپێی مەرجەكان بكرێت.

وتەبێژەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە: ئەو خوێندكارەی كە بە سیستمی ڕاستەوخۆیی زانكۆیی وەردەگیرێت دواتر ناتوانێت دابەزین و گواستنەوە ئەنجام بدات، چونكە لەسەر بنەمای ئارەزوو و لێهاتوویی و تاقیكردنەوە وەردەگیرێت.

عەباس ئەكرەم ڕاشیگەیاند: تاقیكردنەوە بۆ وەرگرتنی ڕاستەوخۆی زانكۆیی لە ڕیكەوتی (١٦/٩/٢٠١٧ تاكو ٢١/٩/٢٠١٧) لەلایەن لێژنەی زانستی بەشەوە ئەنجام دەدرێت، ئەنجامەكانیش بەشێوەی بەرایی لە ڕێكەوتی (٢٤/٩/٢٠١٧) بڵاودەكرێتەوە و، ماوەی هەفتەیەكیش بۆ تانە لێدان لەئەنجامەكان دانراوە، وتیشی: هەر خوێندكارێك ئەگەر بە سیستمی ڕاستەوخۆی زانكۆیی وەربگیرێت مافی پێشكەشكردنی لە ڕێگەی (زانكۆلاین) نابێت.

سەرچاوە: http://www.spu.edu.iq/ku/6665

کە تێدا پەیمانگاى تەکنیکى چەمچەماڵ ,خوێندکار لە بەشەکانى ( تەکنەلۆجیاى زانیارى , تأسیساتى کارەبا, کارگێرى کار ) سیستەمى راستەوخۆى زانکۆیى وەردەگیرێت.