لە پەیمانگای تەکنیکی چەمچەماڵ یادی راپەرین و رۆژی جیھانی ژنان بەرزراگیرا

Post date: Mar 19, 2017 9:36:4 PM

رۆژی چوار شەممە رێکەوتی ٨/٣/٢٠١٧ کە ھاوکاتە لەگەلچ راپەرینی شاری چەمچەماڵ و رۆژی جیھانی ژنان، پەیمانگای تەکنیکی چەمچەماڵ بەھاوبەشی سەنتەری چالاکی گەنجانی شۆرشی سەر بەرێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، بەئامادەبوونی بەشێک لەمامۆستایانو خوێندکاران، یادی ٢٦ ساڵەی راپەرین و رۆژی جیھانی ژنانیان بەرزراگرت.

لە یادەکەدا کە لە بینای پەیمانگای تەکنیکی چەمچەماڵ و لەبەشی تەکنەلۆجیای زانیاری بەرێوەچوو، سەرەتا لەلایەن مامۆستا عەلی جەلیل سەرۆکی بەشی تەکنەلۆجیای زانیاری و سۆران بابا لێپرسراوی سەنتەری چالاکی گەنجانی شۆرشەوە کورتەباسێکی راپەرین و چۆنیەتی دروستبوونی لەچەمچەماڵ کراو دواتر پیرۆزبایی یادی راپەرین و رۆژی جیھانی ژنانیان کردو رایانگەیاند، کە پێویستە نەوی نوێ و بەتایبەتی خوێندکارانی پەیمانگا، پارێزەری دەستکەوتەکانی راپەرین بن و ھەوڵ بۆ بەدیھێنانی ئامانجە بەدینەھاتووەکانی راپەرین بدەن، ئەویش بە پێشخستنی ئاستی زانستیان و کارکردنیان بۆ بەدیھێنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ خۆیان و نەوەکانی ئایندە.

ھەر لەمەراسیمەکەدا گوڵ و شیرینی پێشکەش بەبەشداربووان کراو سوپاسی ئامادەبوونیان کرا.

جێی ئاماژەیە پەیمانگای تەکنیکی چەمچەماڵ سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیەو چەندین بەشی زانستی لەخۆ دەگرێت و لە ئێستادا خوێندن بە سیستمی ئێوارانیش لەو پەیمانگایە بەرێوەدەچێت.